هه‌واڵ
ڕاپۆرتی تایبه‌ت
سیاسه‌ت
‌‌‌ئابووری
‌فه‌لسه‌فه‌
تیۆری‌
‌ته‌نز‌
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
‌‌‌زانست و ته‌کنه‌ڵۆژیا‌
ده‌سه‌ڵات ‌‌
ئۆپۆزسیۆن
ئه‌نتی کاپیتاڵیزم ‌
‌مقالات عربیة
‌مقالات فارسی‌‌
‌ ‌English articles
‌وه‌رگێڕان ‌
‌کتێبخانه‌
‌‌
<September 2018>
SuMoTuWeThFrSa
2627282930311
2345678
9101112131415
16171819202122
23242526272829
30123456


دوو کوردستانپۆست             



ئەو ڕابەرە گەنجەی جیهانی سەرمایەداری لیبراڵی هێنایە لەرزە !


دوایین فێڵی مێژوویی جه‌لال تاڵه‌بانی – نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ کورد " لیستی گۆڕان "ه‌!


ژنی دیکتاتۆرە عەرەبەکان خەریکی چین؟

داڕمانی یۆرۆ، داڕمانی یەکێتی ئەوروپا


Title
ئاوڕێک لە کۆمۆنەی پاریس؛ یەکەمین ئەزمونی حکومەتی کرێکاران لە مێژوودا


img3/18/2012 12:00:00 AM
کوردستانپۆست ئینفۆ:

" ئەو گۆڕانکارییانەی کە کۆمۆنە لەپاریسدا کردبوونی، بەڕاستی موعجیزە ئاسا بوون . هیچ نیشانەیەک لەو پاریسە دزێوەی سەردەمی ئیمپراتۆرتی دووەم نەدەبینرا. ئەم پاریسە ئیتر پەناگایەکی خاوەن زەوییەکانی بەریتانیا، موڵکدارانی ئیرلەندی، کۆیلە فرۆشانی پێشووی ئەمریکاو....نەبوو . لەم پاریسەدا تەرمێک لە مردوخانەکاندا نە دەبینرا، نەدەبیسترا کە شەوانە دەرگاو پەنچەرەی کەسێک بشکێنرێت و خەبەرێک لە دزیکردن نەبوو؛ لەڕاستیدا بۆ یەکەمین جار، لە پاش ١٨ فێبروەریەوە، شەقامەکانی پاریس بەتەواوی ئارام و بێ مەترسی بوون  - کارڵ مارکس، شەڕی ناوخۆیی لە فەڕەنسا " .

 کۆمۆنەی پاریس یەکەمین مۆدێل و ئەزمونی حکومەتی کرێکارانە لە بەرامبەرهەموو شێوازەکان و مۆدیلەکانی حکومەتی سەرمایەداراند.  ئەمڕۆ ١٤١ ساڵ بەسەر ئەم ئەزمونە مێژووییەی  حکومەتی چینی کرێکاری فەڕەنساو جیهاندا تێپەڕ دەبێت . میدیاکانی سەرمایەداری جیهانی بەهیچ شێوەیەک باس لەو ڕووداوە ناکەن و تەنانەت وەک ڕووداوێکی مێژوویش لە ڕۆژمێری سەرمایەداریدا ئاماژەی پێناکرێت .  هۆی ئەمە چییە کە لە ڕۆژمێر و میدیاکانی سەرمایەداریدا نە بە چاک و نە بە خراپ باس لەو ڕووداوە مێژووییە ناکرێت ؟ وەڵامەکە ڕوون و ئاشکرایە؛ کۆمۆنەی پاریس مۆدێلێک لە دیموکراسی هێنایە کایەوە کە بەرزتر و فراوانترە لە دیموکراسی چینی سەرمایەدار . کرێکارانی پاریس، بە بێ ئەوەی بچنە سەر فەلسەفە و فەلسەبازی دیموکراسی، بە کردەوە جۆرێێک لە حکومەتی دیموکراسییان هێنایە کایەوە کە ڕژێمە دیموکراسییە بەرتەسکەکانی سەرمایەداران لە بەرامبەریدا زۆر دواکەوتووانە و ئاست نزم خۆی دەنوێنێت . کرێکارانی پاریس، ئەو مرۆڤە سادەو ساکارانە کە ڕۆژانە خەریکی کارکردن و بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی ژیانی کۆمەڵگەی فەڕەنسی بوون، بە کردەوە کۆمەڵگەیەکی نوێیان هێنایە کایەوە کە کۆمەڵگەی بە ناو مۆدێرێنی ئێستا لە بەرامبەریدا زۆر کۆن خۆی دەنوێنێت . ئەم ڕووداوە مێژووییە چۆن ڕوویدا ؟ کۆمۆنەی پاریس چی بوو ؟ ئایا کۆمۆنەی پاریس لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دووبارە دەبێتەوە ؟ . لەم نووسراوەیەدا تەنها وەڵامی دوو پرسیاری پێشەوەیان دەدەینەوە و پرسیاری سێیەم بە ڕۆژگار دەسپێرین .

کۆمۆنەی پاریس وەک دەرئەنجامی شەڕی فەڕەنسا و پرۆس 

لە ڕۆژی ١٩ی تەموزی ساڵی ١٨٧٠ هەردوو دەوڵەتی فەڕەنسا و پرۆسیا جەنگیان دژ بەیەکتری ڕاگەیاند . لە یەکەمین ساتەکانی جەنگدا سوپای پرۆس سەرکەوتنی بەدەستهێنا و سوپای فەڕەنساش لە هەموو بەرەکانی جەنگەوە پەیتا پەیتا تێکدەشکا .  ناپلیۆنی سێهەم نەچار بوو کە خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی جەنگەکە بکات، بەڵام لە ڕۆژی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا و لە شاری " سدان "ی فەڕەنسادا، خۆیی و سوپاکەی کەوتنە ئابڵۆقەی سوپای پرۆسیاوە و  ناپلیۆن ناچار بوو کە فەرمان بە سوپاکەی بدات تا ئاڵای سپی هەڵبکەن و خۆیان بە دەستی سوپای دوژمنەوە بدەن .  ناپلیۆن لەم شەڕەدا بە دیلگیرا . بە دوای ئەم ڕووداوەدا، کرێکاران و خەڵکی پاریس ڕاپەڕین .  ئامانجی ئەم ڕاپەڕینەی کرێکاران و خەڵکی پاریس بریتی بوو لە چوونە دەرەوەی هێزە داگیرکەرەکانی پرۆسیا لە فەڕەنسا و پێکهێنانی حکومەتێکی کۆماری لەو وڵاتەدا. سەرمایەدارانی شاری پاریس ئەم ڕاپەڕینەی کرێکاران و خەڵکی پاریسیان بۆ خۆیان قۆستەوە و لە ڕۆژی ٤ ی ئەیلولی ١٨٧٠دا " دەوڵەتی کۆماری " خۆیان ڕاگەیاند . سەرمایەدارانی پاریس ئەم دەوڵەتەی خۆیان ناونا " دەوڵەتی بەرگری نیشتیمانی" .

دەوڵەتی بەرگری نیشتمانی بانگەوازی کرێکاران و خەڵکی شاری پاریس و فەڕەنسای بۆ بەرەنگاربوونەوەی سوپای پرۆس و ڕزگارکردنی پاریس لە ژێردەستی هێزە داگیرکەرە پرۆسیاکاندا کرد.

ڕاپەڕینی ٤ ئەیلول، بارودۆخی فەڕەنسای بە تەواوی گۆڕی و جەنگ چووە قۆناغێکی تازەوە .  لە ڕۆژی ١٧ی ئەیلولدا شاری پاریس لە لایەن سوپای پروسیاوە گەمارۆدرا . کرێکارانی شاری پاریس داوایان لە " دەوڵەتی بەرگری نیشتمانی "کرد کە خەڵکی شار بۆ بەرگریکردن لە پاریس چەکدار بکات . دەوڵەتی بەرگری نیشتمانی ناچار بوو مل بە داخوازی کرێکاران بدات . ٢٠٠ تیپ لە خەڵکی تازە چەکدارکراو پەیوەست بوون بە گاردی نیشتمانیییەوە . ئەم ٢٠٠ تیپە پێکهاتبوون لە کرێکاران، فەرمانبەران  و پیشەوەرانی شاری پاریس . دەوڵەتی بەرگری نیشتمانی ئەوەندەی لەم تیپە چەکدارە تازە پێکهاتووانە دەترسا، نیو ئەوەندە لە هێرشی سوپای پروسیا بۆسەر پاریس نەدەترسا . دەوڵەتی بەرگری نیشتمانی بە نیازی بەرەنگاربوونەوە نەبوو لە گەڵ سوپای پرۆسیادا و دەیویست لە ڕێگای گفتوگۆو ئاشتییەوە کێشەی داگیرکردنی فەڕەنسا و پەلاماردان بۆ سەر شاری پاریس یەکلایی بکاتەوە . سەرمایەدارانی پاریس و حکومەتە نوێیەکەیان دەیانزانی کە لەو کاتەدا شەڕ لە قازانجیاندا نییە و چەکداربوونی کرێکاران، فەرمانبەران و پیشەوەرانیش کێشەیەکی داهاتووی بەردەمی حکومەتی نوێ بوو، بۆیە دەیویست لەڕێگای گفتوگۆوە لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتی پرۆسیادا کێشەکان یەکلایی بکاتەوە و بیانویەک بۆ چەکداربوونی خەڵکی پاریس نەهێڵێتەوە .

گفتوگۆی دەوڵەتی بەرگری نیشتمانی و دەوڵەتی پرۆسیا و کاردانەوەی کرێکارانی پاریس

هەواڵی گفتوگۆی دەوڵەتی بەرگری نیشتیمانی لەگەڵ دەوڵەتی پرۆسیادا لەسەرانسەری وڵاتدا بڵاوبۆیەوە . کرێکاران و خەڵکی پاریس تێگەیشتن کە دەوڵەتی بەرگری نیشتیمانی دەیەوێت خیانەتیان لێبکات . کرێکاران و خەڵکی پاریس هەڵوێستییان لە بەرامبەر دەوڵەتی بەرگری نیشتیمانیدا گۆڕاو ئەم دەوڵەتەیان ناونا " دەوڵەتی خیانەتی نیشتیمانی ". خەڵکی پاریس کە لە دەوڵەتی نیشتیمانی بێهیوا بوو بوو، بەزوویی دەستی بە خۆڕێکستن لەدەرەوەی ئەوکرد . یەکەمین هەنگاوی خەڵکی پاریس لە ڕاستای خۆڕێکخستنیدا، بەرپاکردنی " کۆبوونەوەیەکی گشتی " بوو . لەو کۆبوونەوە گشتییەدا خەڵکی پاریس نوێنەرانی خۆیان هەڵبژارد . نوێنەرانی خەڵکی شاری پاریس لە ڕۆژی ٥ی کانوونی دووەمی ساڵی١٨٧٠دا بەیاننامەیەکیان لەبارەی خیانەتی " دەوڵەتی بەرگری نیشتیمانی " بڵاوکردەوە و داوایان لە خەڵک کرد کە :

١-هەموو مەخزەنەکانی خواردەمەنی دەستبەسەردا بگرن .

٢- خواردەمەنی بەخۆرایی بێت بۆ هەموو دانیشتوانی پاریس .

٣- کوشتن و بەدیلگرتنی هێزەکانی دوژمن .

نوێنەرانی خەڵکی پاریس بۆ بەڕێوەبردنی ئەو سێ مەبەستەی سەرەوە چەند کۆمیتەیەکیان پێکهێنا . چەند مانگێک پاش لە پێکهاتنی کۆمیتەکان، کۆمیتەیەکی ناوەندی بۆ ٢٠ ناوچەی پاریس هەڵبژێردرا . ئەم کۆمیتەیە گاردی نیشتمانی لەدەستگرت . کۆمیتەی ناوەندی و سەرپەرشتیاری گاردی نیشتمانی، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک چالاکییەکانی خۆی دەستپێکرد . لەو بەیاننامەیەدا داوای کرد بوو کە دەبێت :

یەکەم / هەموو ڕێکخراوە پۆلیسییەکانی بان سەری خەڵک هەڵبوەشێنرێنەوە .

دووەم / هەموو کاروبارێکی سەربازی دەبێت لە دەستی خودی خەڵکدا بێت .

سێیەم / دابەشکردنی یەکسانی خواردەمەنی بەسەر خەڵکی پاریسدا .

چوارەم / مەحکومکردنی خیانەتەکانی دەوڵەتی بەرگری نیشتمانی و بەجێهێشتنی دەستبەجێی دەسەڵات .

 دەوڵەتی بەرگری نیشتمانی گوێی بە داخوازییەکان و پێشنیارەکانی کرێکاران و خەڵکی پاریس نەدا . ناڕەزایەتییەکانیش تا دەهات پەرەیان دەسەند . سەرانی دەوڵەتی بەرگری نیشتمانی لەهەوڵی ئەوەدا بوون لە ڕووی یاساییەوە شەرعیەت بە دەوڵەتەکەیان بدەن . بۆ گەیشتن بەو مەبەستەش دەبووایە لەگەڵ ئیمپراتۆری پرۆسیادا پەیمانی ئاشتی ئیمزا بکەن .  دەوڵەتی بەرگری نیشتمانی سەری تەسلیمبوونی لەبەردەم پرۆسیادا شۆڕکردەوە و ئیمزای ڕێکەوتننامەی وەستاندنی شەڕیکرد . بە پێی ئەو ڕێکەوتنە دەبووایە فەڕەنسا بڕی ٥ ملیار فرەنک وەک باجی جەنگی بداتە پروسیا و تا ئەوکاتەی ئەو بڕە پارەیە نەدات سوپای پرۆسیا لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڕەنسادا دەمێنێتەوە . بە پێی هەمان ڕێکەوتننامە، سوپای پرۆسیا ٤٠ هەزار دیلی جەنگی فەڕەنسای ئازاد دەکرد . خەڵکی پاریس ئەم ڕێکەوتننامەیەی نێوان دەوڵەتی بەرگری نیشتمانی و ئیمپراتۆریەتی پرۆسیا بە خیانەتێکی گەورەی نیشتمانی دەزانی و دەبوو لە هەولی هەڵوەشاندنەوەیدا بن .

بەرەبەیانی ١٨ی مارچ، یەکەمین حکومەتی کرێکاری لە مێژوودا ڕاگەیاندرا !

بەرەبەیانی ڕۆژی ١٨ی نیسانی ساڵی ١٨٧١ خەڵکی شاری پاریس بە دەنگی هەورەگرمەی ئاسای " بژی کۆمۆن " لەخەو هەستان . دەوڵەتی بەرگری نیشتمانی هەڵوەشایەوە و یەکەمین حکومەتی کرێکاران لە جیهانی نوێدا دامەزرێنرا . بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ناکۆکی کرێکاران و سەرمایەداراندا، دەسەڵاتی سیاسیی کەوتە دەستی بەشێک لە چینی کرێکاری جیهانی .

 کۆمیتەی ناوەندی گاردی نیشتیمانی لە بەیاننامەی ١٨ی نیسانی خۆیدا ڕایگەیاند :

" پرۆلیتارەکانی پایتەخت کە لێنەهاتووییەکان و خیانەتەکانی چینە دەسەڵاتدارەکانیان بە چاوی خۆیان بینی، تێگەیشتن کە سەعاتی سفر بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان و ڕزگارکردنی وڵات لە دۆخی ئێستا نزیک بۆتەوە . پرۆلیتاریا تێگەیشت کە ئەرکی چارهەڵنەگر و مافی ڕەهای خۆیەتی کە چارەنووسی خۆی بەدەستەوە بگرێت و بە خۆ کردنە خاوەنی دەسەڵات، سەرکەوتنی ئەم چارەنووسەی دابین بکات – کارل مارکس، شەڕی ناوخۆیی لە فەڕەنسا ".

ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی گاردی نیشتیمانی لە شەریفترین و تێکۆشەرترین کرێکارانی شاری پاریس پێکهاتبوون . پێشترناوی هیچ یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی گاردی نیشتمانی بۆ خەڵک ناسراو نەبوون و هەرگیزیش وەک پیاوانی سیاسەت ناوبانگیان بە خۆیان نەدابوو، بەڵام گەورەترین داهێنانیان لە بواری سیاسەت، دیموکراسی و بەڕێوەبردنی ئازادانەی وڵاتدا کرد . ئەوان تەنها لەگەڕە کرێکار و هەژار نشینەکانی پاریسدا ناسرابوون . ئەگەرچی ئەوان ئەزمونێکیان لە بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسیی و ئیداریدا نەبوو، بەڵام بە هەوڵ و کۆششی خۆیان توانیان لەو ماوە کورتەی دەسەڵاتدا زۆر بەسەرکەوتوویی شاری پاریس لەسەر بنەمای پرەنسیپێکی دیموکراتی بەرفراوانی شورایی بەڕیوە ببەن .

چەمکی دیموکراسی لە کۆمۆنەی پاریسدا  

کۆمۆنەی پاریس چەمکێکی نوێی بەخشی بە دیموکراسی . دیموکراسی کۆمۆنە، دیموکراسییەکە فراوانتر لە دیموکراسی بۆرژوازی . لە دیموکراسی کۆمۆنەدا، کۆبوونەوەی گشتی خەڵک و دەنگدانی خەڵکە کە نوێنەرەکانیان دیاریدەکات و لەسەر کار لایان دەبات، بەڵام لە دیموکراسی بۆرژوازیدا دەبێت دەنگدەر تا خولێکی ٥ – ٦ ساڵە چاوەڕێ بکات تا نوێنەرەکەی لە پەرلەمانی سەرمایەداراندا دەگۆڕێت . کۆمۆنە پێدانی هەرجۆرە ئیمتیازاتێکی تایبەتی بە بەرپرسانی دەوڵەتی ڕەتدەکردەوە و لە بەرامبەر ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتی، ئیداری و سیاسییانەی کە ئەنجامی دەدەن، دەبووایە بەقەدەر موچەی کرێکارێک وەربگرن، بەڵام لە سیستەمی دیموکراسی پەرلەمانی سەرمایەداریدا، بە ناو نوێنەرانی خەڵک لە دەوڵەت و پەرلەماندا بە بیانوی جۆراوجۆرەوە، ئیمتیازات و موکافەئەی جۆراو جۆر وەردەگرن و موچەکانیان باڵاتر لە موچەی کرێکاران و کارمەندانە .

کۆمۆنەی پاریس لە ڕووی یاسادانان و یاسا جێبەجێکردنەوە، دیموکراسیتر و کاراتر لە دەوڵەتی سەرمایەداری و دیموکراسییەکەیەتی . کۆمۆنە هەم یاسا دانەر و یاسا جێبەجێکەر بوو . دەوڵەتی کرێکاری کۆمۆنە بۆ دانانی یاساکان نەیدەتوانی چاوەڕێی ئەوە بکات ساڵانێکی زۆر بە دوای دانانی یاساکاندا، ئەوکات جێبەجێیان بکات . دانانی یاساکان و جێبەجێکردنیان لە  دەوڵەتی کۆمۆنەی کرێکارداندا هاوکات بوو، بەڵام لە دەوڵەتی بۆرژوازیدا، یاسا هەیە کە چەندین ساڵ دوای دانانی، ئەوجا جێبەجێ دەکرێت . ئەم نا چالاک بوونەی دەوڵەتی بۆرژوازییەکان، بەشیوەیەکی خراپ کار لە  بەڕێوەبردنی ژیان و گوزەرانی  خەڵک دەکات، بەڵام لە کۆمۆنەی پاریسدا بەوجۆرە نەبوو .

لە سیستەمی دیموکراسی سەرمایەداریدا، ڕای گشتی خەڵک تەنها بە ناو ڕێزی لێدەگیرێت، بەڵام بەکردەوە هیچ حسابێکی بۆ ناکرێت مەگەر ئەوە کە ڕای گشتی بەرەو هەڕشە لە دەوڵەت هەڵبکشێت .لە کۆمۆنەی پاریسدا ڕێک بە پێچەوانەوە بوو .

 لە ڕۆژی ١٨ی نیساندا کێشەیەک لە نێوان ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی گاردی نیشتمانیدا لەسەر درێژەدان بە جەنگ دژ بە دەوڵەتی بەرگری نیشتمانی هاتەکایەوە. یەکێک لە کرێکارە بە ئەزمونەکان لە فەرماندەیی گاردی نیشتیمانیدا پێشنیاری ئەوەیکرد کە بۆ درێژەدان بە شۆڕش و ڕێگاگرتن لە گەڕانەوەی دووبارەی دەسەڵاتی سیاسیی سەرمایەداران، پێویستە هێرش بکرێتە سەر کۆشک و تەلارەکانی دەسەڵاتدارانی پێشوو، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی گاردی نیشتمانی پێیان وابوو کە دەوڵەتی سەرمایەداری پێشوو توانای جەنگی نەماوە و پێویستە دەستبەجێ هەڵبژاردنی گشتی بکرێت . سەرەڕای بوونی ئەم کێشەیە لە ناو کۆمیتەی ناوەندی گاردی نیشتمانیدا، بڕیاریدا لە ٢٦ مارسدا هەڵبژاردنی گشتی  دەستپێبکرێت . لە هەمان ڕۆژدا هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمۆن دەستیپێکرد. ٨٥ نوێنەر وەک ئەندامانی کۆمۆن هەڵبژێردران . لەو ٨٥ نوێنەرە ٢١ کەسیان نوێنەرانی گەڕەکە دەوڵەمەندەکانی پاریس بوون . ئەمانە پاشان دەستیان لە کێشایەوە و ٦٤ کەسەکەی دیکە وەک ئەندامانی کۆمۆنە دەستیان بە کارکرد . ڕۆژی ٢٨ مارس کۆمیتەی ناوەندی گاردی نیشتمانی ڕایگەیاند کە  هەموو دەسەڵاتێک دەسپێرێت بە ئەنجومەنی کۆمۆنەی پاریس .

پاش ئەوە کە کۆمۆن دەسەڵاتی بەدەستەوەگرت، دەستیکرد بە پەلاماردانی یاساو ڕێساکانی ڕژێمی سەرمایەداری لە پاریسدا .

کۆمۆنەی پاریس بە پێچەوانەی دەوڵەت سەرمایەدارییەوە کاری دەکرد . لە ڕژێمی سەرمایەداریدا سیاسەتکردن وحکومەت بەڕێوەبردن، تەنها وەک پیشەی نوخبەکان ناسێنراوەو نوخبە سیاسییەکان دەبێت بە بان سەری خەڵکەوە حکومەت بکەن و لەبەرامبەر ئەمکارەیشدا پارەو پولێکی زۆر بخەنە گیرفانیانەوە و بۆ ماوەی ٥ ساڵ هەرچییەکیان پێ خۆش بوو بیکەن . کۆمۆن ئەم مانا بەرتەسکەی "سیاسەت تەنها بۆ نوخبەکان " گۆڕی و ئەو چوارچێوەی شکاند کە سیاسەت و ئیدارەکردنی سیاسیی وڵات تەنها کارو پیشەی کۆمەڵە کەسێکی تایبەتی بێت . کۆمۆنی پاریس ڕایگەیاند :

" بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە لە کۆمارێکی ڕاستەقینەدا، ناتوانرێت جێگایەک بۆ کرێی بەرز هەبێت... کۆمۆنەی پاریس ڕایدەگەیەنێت کە بەرزترین موچەی هەر بەرپرسێکی دەوڵەت، ساڵانە لە ٦٠٠٠ فرەنک زیاتر نییە - کارڵ مارکس، جەنگی ناوخۆیی لە فەڕەنسا ".

ئەنجومەنی کۆمۆنەی پاریس بەرزترین دەزگای دەوڵەت بوو . ئەم ئەنجومەنە بە پێچەوانەی دەوڵەتی سەرمایەدارییەوە کە ئەنجومەنێکی بۆ یاسادان و ئەنجومەنێکی بۆ جێبەجێکردنی یاساکان هەیە [ واتە هەم پەرلەمان و هەم حکومەت وەک دوو دەزگای جیاواز لەیەکتر دروست دەکات ]، خۆی هەم یاسا دانەر و هەم جێبەجێکەری یاسا بوو . ئەنجومەنی کۆمۆنەی پاریس بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکە جیاوازەکان ١٠ کۆمیسیۆنی دروستکردبوو . ئەم کۆمیسیۆنانە ئەرکی بەڕێوەبردنی وەزارەتەکانیان لە ئەستۆ گرتبوو . کۆمۆنەی کرێکارانی پاریس، پاش ئەوەی سیاسەت و بەڕێوەبردنی سیاسیی لە موڵکداری تایبەتی سەرمایەداران هێنایە دەرەوە، دەستی بە هەڵوەشاندنەوەی سوپا، پۆلیس و هێزە سەرکوتگەریەکانی بان سەری خەڵک کرد و لە جیاتی ئەوانە ڕایگەیاند کە :

١-تەجنیدی زۆرەملێ هەڵدەوەشێتەوە و گاردی نیشتمانی جێگای دەگرێتەوە.

٢-جگە لەگاردی نیشتمانی، پێکهێنانی هەرجۆرە هێزێکی سەربازی و هەرجۆرە میلیشیایەک لە پاریسدا قەدەغەیە .

٣-هەموو ئەو کەسانەی کە توانای خزمەتکردنی سەربازیان هەیە وەک سەربازی گاردی ننیشتمانی حسابیان لەسەر دەکرێت .

کۆمۆنەی پاریس لە هەمان ڕۆژدا هەموو ئەو کەسانەی بەخشی کە قەرزی بانک و کرێ خانووەکانیان لەسەر بوو . ڕێگای لە بانکەکان گرت کە هەرجۆرە مامەڵەیەک بە شت ومەکی بنچینەیی خەڵکەوە بکات.

لە هەمان ڕۆژدا، کۆمۆنە گورزێکی گورچکبڕی لە نەتەوەپەرستی و ڕەگەزپەرستی کوێرانەی بورژوازیدا و ڕایگەیاند " قەڵای کۆماری کۆمۆن، قەڵای کۆماری جیهانییە ". ئەو کرێکارە بیانیانەی کە لەهەڵبژاردنە گشتییەکاندا دەنگیان هێنابوو، پۆستەکانیان لە کۆمۆنەی پاریس وەرگرت .

پاش لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی کۆمۆن، ئینجا کۆمۆنارەکان کەوتنە بیری ئەوە کە یەکێکی دیکە لە ئامڕازە ئایدیۆلۆژییەکانی سەرمایەداری، واتە دین تێک بشکێنن . کۆمۆنە دەستی بەسەر دارایی و موڵکی کڵیسادا گرت و ڕایگەیاند دین کاری تایبەتی هەرکەسە و دین لە دەوڵەت و پەروەردە جیا دەکرێتەوە . خوێندگاکان و ناوەندەکانی فێرکردن کە بە پارە بوون و بەهۆی قەشەکانەوە ئیدارە دەکران، لەژێر دەستی ئەوان دەریهێناو خوێندن و فێرکردنی بەخۆڕایی کرد .

کۆمۆن بڕیاریدا کە سیستەمی قەزایی و قازییەکان بەتەواوی بگۆڕێن و سیستەمێکی نوێی دادوەری دابمەزرێت و دادوەرەکانیش لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێن .

بەهۆی هەڵهاتنی سەرمایەدارانی پاریسەوە، زۆربەی کارگەکان لە کار کەوتبوون . لە ١٦ نیساندا کۆمۆنەی پاریس بڕیارێکی دەرکرد کە بە پێی ئەو دەبووایە کارگەکان بە زوویی بخرێنەوە کار . کۆمۆنە بڕیاریدا بوو کە ئەوەی چاوەدێری و سەرپەرشتی کارگەکان و پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن دەکات، نەک سەرمایەداران، بەڵکو کۆمەڵە هەرەوەزییەکانی خەڵکی پاریسە .

کۆمۆن گرنگییەکی زۆری بە کێشەکانی جوتیاران، پیشەوەران و دووکاندارانی پاریس دەدا و ئەوانیش بە گەرمی پشتیوانیان لێدەکرد . کۆمۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " زەوی بۆجوتیاران.. ئامڕازەکانی کارکردنیش بۆ کرێکاران و کارکردنیش بە مافێکی سروشت هەمووان دەزانێت ". بەخشینی  دوکانداران لە قەرزی کرێ  و سوی بانکەکانیش بوو بووە هۆی ئەوە کە ئەو توێژە کۆمەڵایەتیانەی دیکە، کۆمۆن بە پاڵشتی خۆیان بزانن .

ڕوخانی کۆمۆنەی پاریس بە گەلە کۆمەکێی سەرمایەداران

لە مانگی نیساندا دووبارە نیشانەکانی دەستپێکردنەوە جەنگ لە نێوان کۆمۆنارەکان و حکومەتی هەڵهاتووی " بەرگری نیشتمانی "دا دەرکەوتنەوە . لەو ماوەیەدا کە کۆمۆنەی پاریس، واتە حکومەتی کرێکاران، خەریکی ڕێکخستنەوەی شاری پاریس بوو،حکومەتی هەڵهاتووی " خیانەتی نیشتمانی "  لەدەرەوەی پاریس و بە هاوکاری لەگەڵ ئیمراتۆریەتی پرۆسیادا خەریکی دانانی نەخشەو پلان بوون بۆ هێرشکردنە سەرپاریس . ئەو حکومەت هەڵهاتووە، توانیبووی ١٣٠ هەزار سەرباز بە مەبەستی هێرشکردنە سەر پاریس کۆبکاتەوە . لەگەڵ  سوپای پرۆسیادا پاریسیان گەمارۆدا . لە بەرەی جەنگی ڕۆژئاوای پاریسەوە پردی سەر ڕوباری "سن "یان داگیرکرد، بەڵام لە جەبهەی باشوری پاریسەوە بە تووندی تێکشکاو سەرئەنجام لەم بەرەیەدا ناچارکرا هێرشەکانی ڕابوەستێنێت . پاریس لە هەر چوارلاوە تۆپباران دەکرا . تا ناوەڕاستی مانگی ئایار شەڕی پەرش و بڵاو و هەمەگیر درێژەی هەبوو . کۆمۆنارەکان قارەمانانە دەجەنگان . لە گەڕەکی کرێکارنشینی " سنت ئەنتوان " ژن و منداڵەکانیش بەشداری جەنگیان دەکرد . سەربازانی بەکرێگیراوی سەرمایەداران بە وەحشیانەترین شێوە تۆپباران و گولەبارانی پاریسیان دەکرد .  بۆ ماوەی یەک هەفتەی تەواو پاریس لە خوێنی کرێکاراندا سوری دەکردەوە . کرێکاران ئەو هەفتەیەیان ناونا " هەفتەی سوری کرێکاران " . سوپای سەرمایەداران بە شێوەیەکی دڕندانە قەتڵ و عامی کرێکارانی پاریسی دەکرد و دەستیان لە منداڵ و ژن و پیرو پەککەوتەکانیش نەدەپاراست . گۆڕستانی " پۆڵاشیز " دوایین سەنگەری بەرگریکردنی کۆمۆنارەکان بوو. لەم گۆڕستانەدا ٢٠٠ کۆمۆنار بەرگریان دەکردو دلێرانە دەجەنگان، بەڵام ئەم مرۆڤە بە جەرگانە لەکۆتاییدا لەوسەری گۆڕستانەکە بەدیل گیران و گولەبارانکران . بەم شێوە تراژیدییە، پاش لە ٧٢ ڕۆژ لە ژیانی ئازادو دیموکراسی ڕاستەقینە لە پاریسدا کۆتایی هات، بەڵام ئاوات و ئامانجەکان و مۆدێلێک لە دیموکراسی کە کرێکارانی پاریس لە کۆمۆنەدا هێنایانە کایەوە، پاش لە ١٤١ ساڵ لە دڵ و دەرونی ئەو مرۆڤانەدا چەکەرە دەکات و پێدەگات کە لەو ڕووداوە مێژووییە تێدەگەن .

ماوەتەوە بپرسین؛ ئایا پاریس جارێکی دیکە دیموکراسی کۆمۆنەمان دەداتەوە ؟

تێبینی : ئەم بابەتە خوێندنەوەیەکی گشتی ئەو ڕووداوە مێژووییەیە و لەم نووسینەدا هیچ ئاماژەیەکی تایبەتی بە هۆیەکانی شکستی کۆمۆنی پاریس نەکراوە . هەرکەس مەبەستی بێت لەم ڕووداوە تێبگات، دەتوانێت کتێبی " جەنگی ناوخۆیی فەڕەنسا "ی مارکس بخوێنێتەوە .