هه‌واڵ
ڕاپۆرتی تایبه‌ت
سیاسه‌ت
‌‌‌ئابووری
‌فه‌لسه‌فه‌
تیۆری‌
‌ته‌نز‌
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
‌‌‌زانست و ته‌کنه‌ڵۆژیا‌
ده‌سه‌ڵات ‌‌
ئۆپۆزسیۆن
ئه‌نتی کاپیتاڵیزم ‌
‌مقالات عربیة
‌مقالات فارسی‌‌
‌ ‌English articles
‌وه‌رگێڕان ‌
‌کتێبخانه‌
‌‌
<December 2018>
SuMoTuWeThFrSa
2526272829301
2345678
9101112131415
16171819202122
23242526272829
303112345


دوو کوردستانپۆست             



ئەو ڕابەرە گەنجەی جیهانی سەرمایەداری لیبراڵی هێنایە لەرزە !


دوایین فێڵی مێژوویی جه‌لال تاڵه‌بانی – نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ کورد " لیستی گۆڕان "ه‌!


ژنی دیکتاتۆرە عەرەبەکان خەریکی چین؟

داڕمانی یۆرۆ، داڕمانی یەکێتی ئەوروپا


Title
نۆبەی ڤلادمیر پوتینی دیکتاتۆرە!


img9/16/2012 12:00:00 AM
تاهیر ساڵح شەریف:

 ڕۆژی شەممە ( ١٥ی سیپتەمبەر ) ئەندامان و لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕوسیا دەستیانکردەوە بە خۆپیشاندان دژبە دەسەڵاتی تاکڕەوانەی ڤلادمیر پوتین. بە دەیان هەزار خۆپیشاندەر لەدژی دەسەڵاتی شێوە ڕەهای پوتین و حیزبەکەی بەسەر کۆمەڵگەی ڕوسیادا ڕژانە سەر شەقامەکانی شارە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە. پۆلیسی ڕوسیا ڕایگەیاند کە لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێدا ١٤١ هەزار کەس بەشداریکردووە.

ڤلادمیر پوتین لە ساڵی ١٩٩٩وە، بەپشتیوانی مەعنەوی و سیاسیی کڵیسای ئەرثەدۆکس،  بە زۆر و بە فرت و فێڵ لە هەڵبژاردنەکاندا، سوکانی دەسەڵاتی سیاسیی لە دەست خۆی و حیزبەکەی گرتووە و بە نیازیش نییە کە لە داهاتوودا دەسەڵات بداتە دەست هیچ حیزب و لایەنێکی دیکە لەڕوسیادا.

 گۆڕین و دەستاو دەستپێکردنی دەسەڵاتی سیاسیی لە ڕوسیادا بەشێوەی ئەوروپا وئەمریکا، یەکێکە لە گرێ کوێرە سیاسییەکانی مێژووی ئەو وڵاتە.

ڕوسیا مێژوویەکی ٤٠٠ ساڵەی لە حوکمی دیکتاتۆری بنەماڵەیی، دینی، نادینی و حیزبی تێپەڕاندووە. بنەماڵەی قەیسەرەکان بۆ ماوەی زیاتر لە ٣٠٠ ساڵ وەک ئیمپراتۆرێکی مەسیحی ئەرثەدۆکسی لەسەر کورسی شاهانەی وڵاتی ڕوسیا دانیشتن. لە ساڵی ١٩٠٥دا شۆڕشی بۆرژوا- دیموکراتیک گورزێکی لە پەیکەری ئەو ئیمپراتۆریەتەدا، بەڵام نەیتوانی لەسەر کورسی دەسەڵات هەڵیبداتە خوارە. لە ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا بە ڕابەری بەلشەفیکەکان، شۆڕشێکی جەماوەری سەرتاسەری ڕوسیای گرتەوە و  بەشێوەیەکی تراژیدی کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی قەیسەری هێنا. هێزە سەرەکییەکانی  هەڵگیرساندنی ئەو شۆڕشە کرێکاران، جوتیاران، پیشەوەران و سەربازان بوون.

ئەو شۆڕشە دروشمی بە سۆشیالیستیکردنی ئابوریی  و چەسپاندنی ئازادییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی لە وڵاتی ڕوسیادا بەرزکردبووەوە. شۆڕشی ئۆکتۆبەر هەنگاوی سەرەتایی باشی بەرەو ئەو ئامانجە هەڵگرت، بەڵام لە هەنگاوەکانی دواتردا دەسەڵاتی خۆسەپێن و تاکڕەوانەی حیزبی بەلشەفیک[ حیزبی کۆمۆنیست ] ئەو شۆڕشەی لەگەڵ هەڵدێردا بەرەو ڕووکردەوە و دیکتاتۆریەتێکی حیزبی ڕووتی خستە جێگای دەسەڵاتی جەماوەری ڕێکخراوی خەڵک لە شوراکاندا. حیزبی کۆمۆنیستیش کەوتە دەستی کەسێکی دیکتاتۆر و ملهوڕی وەک ستالینەوە.

 ستالین توانی ئابوریی ڕوسیا گەشە پێبکات و ڕوسیا بباتە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتووی ئەوروپای سەرەتای سەدەی بیستەمەوە. لەهەمانکاتدا ستالین توانی ڕوسیا لە پەلاماری داگیرکەرانەی دڕندەترین سوپای ئەوروپا [ هیتلەر ] ڕزگار بکات، بەڵام ئەو دوو خزمەتە گەورەیەی ستالین بە گەلی ڕوسیا لەسەر بناغەی زیندووکردنەوەی شێوە دەسەڵاتی دیکتاتۆرو ئیستبدادی قەیسەری لەبەرگی [ حیزب و کۆمۆنیزم ]دا ئەنجامدران. ستالین لە کەسێکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی پێش ڕوودانی شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە گۆڕا بۆ دیکتاتۆرێکی وەک نیکۆڵای ئەلکسەندەرۆڤیچ ڕۆمانۆڤی  ئیمپراتۆری ڕوسیا و بگرە لە هەندێک ڕوویشەوە دیکتاتۆرتر لە ڕۆمانۆڤ بوو. بەدوای مردنی ستالیندا، حیزب و دەوڵەتی کۆمۆنیستی، جێگای دیکتاتۆری فەردی ستالینی گرتەوە و حیزب و دەوڵەتی کۆمۆنیستی دوای ستالینیش بۆماوەی نزیک لە ٤٠ ساڵ وڵاتی یەکێتی سۆڤیەتی کردبووە زیندانێکی گەورە بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتە.

 لە ساڵی ١٩٩١ کە وڵاتی سۆڤیەت هەڵوەشایەوە و چەند کۆمارێکی لێجودا بۆیەوە، وڵاتی ڕوسیا لەگەڵ بێسەرەوبەرەیی و پشێوی ئابوریی و سیاسیدا بەرەوڕوو بۆیەوە. بەهۆی ئەوەوە کە زیاتر لە ٧٠ ساڵ سیستەمی تاک حیزبی لەڕوسیادا زاڵ بوو، لە کاتی هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەتدا هیچ حیزبێکی سیاسیی دیکە بوونی نەبوو تا ببێتە بەدیلی حیزبی کۆمۆنیستی پێشتر. بەو هۆیەوە، دەسەڵاتی سیاسیی لە دەستی هەر ئەو کەسانەدا مایەوە کە پێشتر بەرپرسی دەوڵەت و حیزبی کۆمۆنیستی پێشتر بوون، بەڵام بەم جیاوازییەوە کە زۆربەیان بیروبۆچونی کۆمۆنیستی پێشتری خۆیان ڕەتکردبووەوە و چیتر وەک کەسانێک کە هەڵگری بیروبۆچوونی کۆمۆنیستی بوون مامەڵەیان لەگەڵ سیاسەت و دەسەڵاتدا نەدەکرد. ئەو کەسانە لەلایەن کڵیسای ئەرثەدۆکسی ڕوسی، وڵاتانی ڕۆژئاوا و چەند وڵاتێکی عەرەبیەوە پشتیوانیان لێدەکرا. بۆریس یەلتسین، بەهێزترین کەسایەتی ناو ئەو بارودۆخە پاشاگەردانی و شێواوەی ڕوسیا بوو. یەلتسین بەهۆی پلەوپایە، نفوز و دەسەڵاتی پێشتریەوە لە ناو حیزب و دەوڵەت [ بە تایبەتی لە ناو سوپا و کەی جی بی ]دا، هەروەها بە هۆی پشتیوانی کڵیسای ئەرثەدۆکسی ڕوسیا، وڵاتانی ڕۆژئاوایی و چەند وڵاتێکی عەرەبییەوە، توانی دەسەڵاتی تاکڕەوانەی خۆی بەسەر ڕوسیادا بسەپێنێت. یەڵسن توانی لە سێ قۆناغدا دەسەڵاتی خۆی بەسەر بارودۆخەکەدا سەقامگیر بکات؛ قۆنا‌غی یەکەم، قۆناغی هەڵبژاردنی یەڵتسنە لە ٤ ی مارچی ١٩٩٠دا. لەم هەڵبژاردنەدا، کە یەکەمین هەڵبژاردنی جەماوەری دوای هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت بوو، یەڵتسن زیاتر لە ٥٧%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. ئەم دەنگ هێنانە زۆرەی یەڵتسن، ئەنجامی ئەوە بوو کە خەڵکی ڕوسیا پێیان وابوو کە یەڵسن بە کردنەوەی دەرگاکان بەڕووی ئابوریی لیبراڵ و بازاڕی ئازاددا دەتوانێت ژیانێکی ئابوریی باشتر لە سەرمایەداری دەوڵەتی ژێر ناوی کۆمۆنیزمیان بۆ دابین بکات. قۆناغی دووەم، لێدان و سەرکوتکردنی ئەو کۆمۆنیستانە بوو کە ساڵی ١٩٩٣ لە ناو پەرلەمانی ڕوسیادا مانیانگرتبوو، و داوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی سۆڤییەتیان دەکرد. قۆناغی سێیەم، کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانی دەوڵەت لە ئابوریی و کردنەوەی دەروازەکان بوون بەڕووی ئابوری بازاڕ و لیبراڵیزمدا. لە قۆناغی سێیەمدا، یەڵتسن، پاشاگەردانییەکی ئابوریی ئەوتۆی لەڕوسیادا دروستکرد کە زۆربەی خەڵکی ڕوسیای هەژارکرد و ژمارەیەکی کەمیشی کردە ملیاردەر. یەڵسن بەم حاڵە شڕو شپرزە ئابورییەی ڕوسیاوە، بەهۆی خراپی باری تەندروستییەوە، لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٩دا دەسەڵاتی سیاسیی خۆیی بە فلادمیر پوتین سپارد.

پوتین لەو سەردەمەدا کە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ( ئێف ئێس بی - یان هەمان کەی جی بی پێشتر) بوو، بە پشتیوانی نفوزی یەڵتسن لە پەرلەمان و دەسەڵاتی خۆی لە دەزگای هەواڵگری ناوەندی ڕوسیادا، توانی پۆستی سەرۆک وەزیران لەدەست بگرێت. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٠دا، بە پشتیوانی مەعنەوی کڵیسای ئەرثەدۆکس، توانی دەنگی زیاتر لە ڕەقیبەکانی بەدەست بهێنێت و بەڕەسمی پۆستی سەرۆک کۆماری لە دەست بگرێت. پوتین لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ڕوسیا ( ٢٠٠٠ - ٢٠٠٤ )دا، لە ڕووی ئابوورییەوە توانی بارودۆخی ئابوریی شپرزەی روسیا ڕێکبخاتەوە و ئەو وڵاتە لە بێ سەرەوەرەیی ئابوریی ڕزگار بکات، هاوکاتیش حیزبی " ڕوسیای یەکگرتوو"ی دامەزراند. دامەزراندنی حیزبی ڕوسیای یەکگرتوو، لەوڕووەوە بۆ پوتین پێویست بوو کە لەلایەک ناسنامەی ئایدیۆڵۆژی نەتەوەیی ڕوسیا، کە بەدوای هەرەسهێنانی کۆمۆنیزمی سۆڤیەتیدا ونبوو بوو، بدۆزێتەوە و لەلایەکی دیکەیشەوە شەرعیەت بە درێژکردنەوەی دەسەڵات تاکڕەوانەی خۆیی و حیزبەکەی بدات لە بەرامبەر ئەو شەپۆلە لەسەرهەڵدانی حیزبە نوێیەکان و خۆڕێکخستنەوەی حیزبی کۆمۆنیستی پێشتردا.

پوتین زۆر بەووردی ئاگای لەوە بوو کە داڕمانی کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی  بۆشاییەکی گەورە لە ناسنامەی ئایدیۆڵۆژی نەتەوەیی ڕوسیادا دروستکردووە و ئەوەش هەڕەشە لەلاوازکردنی مەیلی خۆبەزلزانی نەتەوەیی ڕوسەکان بەرامبەر بە ئەمریکاو ئەوروپا دەکات. ئەو هوشیارانە دەستی بەڕێکخستنەوەی ئەو مەیلە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە کرد کە ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی قوڵی لە ناو کۆمەڵگای ڕوسیادا هەبووە و تۆفانی شۆڕشی کۆمۆنیستی بەڵشەفیکیش نەیتوانیبوو بننە بڕی بکات. ئەو مەیلە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەش کە پوتین کاری لەسەر ڕێکخستنەوەیکرد، تزاریزم بوو.

 ئەوە جێگای سەر سوڕمانە کە کەسێکی وەک پوتین ساڵەهای ساڵ لە ناو حیزبی کۆمۆنیستی ڕوسیادا کاریکردبێت و پۆستە هەستیارە جۆراوجۆرەکانی وەرگرتبێت، بەڵام بڕوای بە ئاینی مەسیحیەتی ئەرثەدۆکسی هەبوو بێت. لە ناسنامەی کەسایەتیکەی پوتیندا ئاماژە بە ئاینی مەسیحی پوتینکراوە و لەبارەی ژیانی تایبەتیشیەوە دەگوترێت کە پوتین بڕوای تەواوی بە مەسیحیەتی ئەرثەدۆکسی ڕوسی هەیە!.. بەڵام لە ڕاستیدا پوتین بەو بیروڕا ئاینیەوە، کە لە ناسنامەی کەسێتیدا ئاماژەی پێکراوە، هەرگیز نەیدەتوانی ببێتە ئەو پوتینە لە ناو حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەتدا، بەڵکو ڕاستییەکەی ئەوەیە کە پوتین ئامانجی بوو ئاینی ئەرثەدۆکسی ڕوسی، لە ڕێگای دروستکردنی حیزبی ڕوسیای یەکگرتووەوە، بخاتەوە شوێنی چۆڵکراوی ئایدیۆڵۆژی کۆمۆنیستی، وەک ناسنامەی لەدەستچووی نەتەوەیی ڕوسەکان. ئەرثەدۆکس، وەک ئایدیۆڵۆژی و ناسنامەی نەتەوەیی دەسەڵاتی ٣٠٠ ساڵەی قەیسەرەکان، لە دیدگای پوتینەوە تەنها ئەڵتەرناتیڤی گونجاوە بۆ ئەم قۆناغە مێژووییەی کە ڕوسیا پیاتێپەڕ دەبێت.

ڕوسیای ئەمڕۆ لەژێر سێبەری ناکۆکی  نێوان بەلشەفیزم و تزاریزمدا

دەسەڵاتی زیاتر لە ٧٠ ساڵەی بەلشەفیزم و کۆمۆنیزم بەسەر کۆمەڵگەی ڕوسیدا، کۆمۆنیزمی کردە بەشێک لە ناسنامەی نەتەوەیی و مێژوویی ڕوسیا. سڕینەوەی ئەو ناسنامە ئایدیۆڵۆژییە نەتەوەییە [ کۆمۆنیزم ]  ڕوسییە، خەیاڵ پڵاوێکە هەروەک خەیاڵ پڵاوی بەڵشەفیەکان لەسەر سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی ئاینی ئەرثەدۆکسی قەیسەریدا. ئاینی مەسیحی پەیڕەو ئەرثەدۆکسی تێکەڵاو لەگەڵ دەسەڵاتی قەیسەریدا، بۆ ماوەی ٣٠٠ ساڵە ناسنامەی نەتەوەیی ڕوسەکان بوو، بەڵام پاش لە ٧٠ ساڵ لە دەسەڵاتی بەڵشەفیکی، دووبارە لەسەر دەستی پوتیندا زیندووکرایەوە و دەسەڵاتی سیاسیی لەدەستگرتەوە. پوتین و حیزبەکەی، خەیاڵیان خاوە گەربیانەوێت کار لە سەر سڕینەوەی کۆمۆنیزم، وەک مەیلێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بکەن کە بەدرێژایی ٧٠ ساڵ لە مێژووی هاوچەرخی ڕوسیادا ناسنامەی ئایدیۆڵۆژی نەتەوەیی ڕوسەکانی پێکهێناوە.

بوونی یەک ناسنامەی ئایدیۆڵۆژی نەتەوەیی بۆ ڕوسیا، ئەو وڵاتە لەگەڵ کارەساتەکانی وەک ڕوخانی ئمپراتۆری قەیسەر و داڕمانی یەکێتی سۆڤیەتی کۆمۆنیستیدا بەرەوڕوو دەکاتەوە. ئەزمونی ٤٠٠ ساڵەی مێژوویی و سیاسیی ڕوسیا ئەوەی سەلماندووە کە نە بە هۆکارەکانی توندوتیژی سیاسیی و پۆلیسی و نە بە ڕێگای کودەتا و شۆڕش، ئەو دوو مەیلە [ ئەرثەدۆکسی مەسیحی و کۆمۆنیزم ] لە کۆمەڵگەی ڕوسیادا لە ناو ناچن و ناتوانن  بۆ هەتا هەتایە دەسەڵات لە یەکتری وەربگرنەوە. ئەو دوومەیلە ڕوسییە دەکرێت بۆ ماوەی دەیان ساڵ دەسەڵات لەیەکتر قۆرخ بکەن، بەڵام ناتوانن بۆ هەتا هەتایە یەکتر بسڕنەوە. پوتین لە ڕێگای قۆرخکردنی دەسەڵاتەوە بۆ خۆی و حیزبەکەی، دەیەوێت لە پرۆسەیەکی سیاسیی و فیکریدا کۆمۆنیستەکان بۆ هەتاهەتایە لە دەسەڵاتی سیاسیی ڕوسیا دوور بخاتەوە. کۆمۆنیستەکانیش بە دەرککردنی ئەو نیەتە دیکتاتۆرانەیەی پوتین، لەهەوڵی ڕاماڵینی دەسەڵاتی قەیسەری پوتیندان. خۆپیشاندانی دەیان هەزار کەسی دوێنێ لە شارە گەورەکانی ڕوسیادا، سەرەتای کاردانەوەی کۆمۆنیستەکان و نەیارانی دیکەی پوتینە بەدەسەڵاتی تاکڕەوانەی ئەو، کاردانەوەیەک کە ئایندەی  سیاسی و دەسەڵات لە ڕوسیادا تاریک دەکات.